رێنماییەک لە تەندروستیی عێراقەوە بۆ تووشبووانی تای خوێنبەربوون

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەوانەی تووشی تای خوێنبەربوون بوون، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەدا گرنگی بە نیشانەکانی بدەن و سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن، ئەوا ئەگەری چاکبوونەوەیان زۆر زیاترە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا ژمارەی پێوانەیی لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و گیانلەدەستدان تۆمارکرا و یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکەش لە مێژووی وڵاتدا، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا تۆمارکراوە.

وتیشی، پابەندبوون بە رێنماییەکان و خۆپاراستن لەو نەخۆشییە لە خوار ئاستی پێویستەوەیە، بەتایبەتی بۆ خاوەن ئاژەڵەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان، نەک تەنها تای خوێنبەربوون.

پێشنیازیش دەکات، ئەو کەسانەی گومان دەکەن تووشبووی تای خوێنبەربوون بن، پێویستە گرنگی بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بدەن لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، کە گرنگترینیان بریتین لە (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، هەستکردن بە ماندوێتی و هەبوونی ئازار لە جەستەدا).

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی وت، دەستنیشانکردنی نیشانەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، ئەگەری چاکبوونەوەی تووشبووەکە زۆر زیاددەکات، ئەگەر نەخۆشێک پشکنینی پزیشکی دوابخات و نەخۆشییەکەی پێبنێتە قۆناغی دووەم، کە لەم حاڵەتەدا نیشانەکان دەگۆڕێت بۆ (خوێنبەربوون لەژێر پێست، هەندێکجاریش دەگاتە ئاستی مردن).

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، %40ـی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.

ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم و چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share