بڕیارە ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات کۆنفرانس ببەستێت.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 26ی نیسانی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، لە سلێمانی بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکان و، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان باڵی کوردسات دەست بەکارەکانی بکات.
باڵی کوردساتی بزوتنەوەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “داوا لە هەموو ئەو هەڵسوڕاوانە دەکەین کە مافی بەشداری و ناویان لە لیستی دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، دەست لەناو دەست ناکۆکییەکان وەلابنێن و لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەکەمان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و بە حەماسەوە ئەو مافە مەدەنییە سیاسییەتان پیادەبکەن و بەشداریی کۆنفرانس بکەن”.
پێشتر باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەکە رۆژی شەممە، 5ی نیسانی 2025، لە شاری سلێمانی لە هۆڵی زەرگەتە سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕانی لەژێر دروشمی ”هاونیشتیمانی، دەستور، دیموکراسی” بەست.
لەو کۆنفرانسەدا بەرنامەی کاری سیاسیی بزوتنەوەکە و دەستوورەکەی پەسەندکران، هەروەها 55 کەس وەک ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان هەڵبژێردران و 12 کەسیش وەک یەدەگ دەستنیشانکران.
ئەو کۆنفرانسە لەلایەن باڵی کوردساتەوە رەتکرایەوە و لەلایەن کۆمسیۆنەوە ئەمڕۆ وەک ئەنجامدانی کۆنفرانس دەستنیشان کراوە.