بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون چەند چێشتخانەیەک داخران

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکوک رایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا چەند چێشتخانە و دوکانێک، کە پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و گۆشتی ناتەندروستییان دەفرۆشت، داخران.

ئارجان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکوک رایگەیاند، ئەو هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە بۆ کەمکردنەوەی سەرپێچییە تەندروستییەکان و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر گۆشتدا گرتووە کە مۆری کوشتارگەیان پێوەنەبووە و رەوانەی پشکنینی ڤێتێرنەری کراون.

وتیشی، تیمەکانی پشکنین دەستیان بەسەر چەند شیشێکی گۆشتبرژاندنیشدا گرتووە کە شیاوی بەکارهێنان نەبووە، هەروەها چەند چێشتخانە و قەسابخانەیەکیشیان داخستووە، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان.

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، %40ـی ئەو كەسانەی توشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.

ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم، چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share