مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت، “پشتیوانیی خۆمان بۆ رۆژنامەنووسانی وردبین و راستبێژ و پشتبەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لەسەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتربكرێت”.

دەقی پەیامەكە…

لە یادی سەد و بیست و حەوت ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی كورد و لە كایەی میدیایی كوردستان دەكەین كە توانیویانە لێبڕاوانە گەشە بەو بوارە بدەن.

ئەگەر چی كاروانی رۆژنامەگەریی كوردیی لە سایەی داگیركەراندا چەندین ساڵی سەختی لە هەرەشەی داخستن و راوەستان بینیوە، بەڵام لە پاش راپەڕینی ساڵی 1991وە دەتوانرێت بوترێت رۆژنامەگەریی كوردیی جۆرێك لە بەرفراوانبوونی ئازادییەكانی بەخۆوەبینی و خۆشبەختانە تائێستاش بەردەوامە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەردەمی خەباتی شاخەوە گرنگییەكی بەرچاوی بە دابینكردنی ئازادی بۆ رۆژنامەگەریی و رووناكبیری داوە و دروشمی (نان و ئازادی)پڕاو پڕ جێبەجێكردووە، هەر بۆیە لە پاش راپەڕینەوە لەسەر هەمان دیدی سەرۆك مام جەلال، گشت هەوڵێكی خستووەتەگەڕ بۆ بەرفراوانكردنی ئازادییەكانی رۆژنامەگەری و یەكەمین رۆژنامە و دامەزراوی میدیایی ئەهلی و سەربەخۆ لە ناوچەكانی دەسەڵاتی یەكێتیدا دەرفەتیان بۆ رەخسا و لێرەوە كاروانی رۆژنامەگەری كوردیی بێوچان پێشدەكەوێت.

هەر لەم یادەدا جارێكی تر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسانی وردبین و راستبێژ و پشت بەستوو بە سەرچاوەی هەواڵ دووپاتدەكەینەوە، بە جۆرێكی وەها كە لە سەرتاسەری كوردستاندا پانتایی ئازادییان بۆ فراوانتربكرێت و كایەی ئازادی سیاسیی و رۆژنامەگەری بێ بەربەست و كەیسی نارەواو هەڵبەستراو هەرگیز تەنگ نەكرێتەوە.

میللەتەكەمان شایانی ئازادی زیاترە و ئازادی و دیموكراسیش پایەی سەرەكی شانازیمانە بە ئەزموونەكەمان لەسەرتاسەری جیهاندا.

جارێكی تر پیرۆزە

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یوئێن لەسەر دۆسییەی خۆسوتاندنی هاوڵاتییە ڕۆژهەڵاتییەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ڕوداوی خۆسوتاندنی هاوڵاتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، “بە دەم پەنابەرەکەوە چووین و بە…
Total
0
Share