جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم لە پەیامێکدا بۆ کۆچى دوایی پاپا فرانسیس رایدەگەیەنێت، بۆچوون و هەوڵە ئاشتیخوازانەکانى لای هەموو مرۆڤێکی ئاشتیخوازی جیهان جێگەى رێز و پێزانینە.
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند، کۆچی دوایی پاپا فرانسیس نەک تەنها بۆ مەسیحییەکان و شوێنکەوتووانەکەی، بەڵکو بۆ هەموو جیهان هەواڵێکی ناخۆش بوو. بۆچوون و هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی لای هەموو مرۆڤێکی ئاشتیخوازی جیهان بە هەر بیروباوڕێکەوە جێگەی رێز و پێزانینە.
قوباد تاڵەبانى دەشڵێت، “پاپا فرانسیس رێزی لە هەموو ئاینییەکان دەگرت و دژی هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەکی ئایینی بوو. خوازیاری گفتوگۆی نێوان ئاینییەکان و بە تایبەتیش دوو ئایینی ئیسلام و مەسیحی بوو و بەردەوام جەختی لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی جیهان لە رێگەی گفتوگۆ و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری دەکردەوە”.
جێگرى سەرۆک وەزیران سەرەڕاى گەیاندنى پرسە و سەرەخۆى بۆ سەرجەم شوێنکەوتووانى لە جیهان دەڵێت، هیوادارین ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری باڵ بەسەر هەموو جیهاندا بکێشێت کە بەردەوام پاپا هەوڵی بۆ دەدا.