مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی گشتیی یەکێتیی ژنانی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، “بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی یەکێتییەکەتانەوە، هیوای سەرکەوتنی کارەکانتان بۆ دەخوازین و ئومێدەوارین دروشمی دێرینەی پڕ جۆش و خرۆشتان (ژن، خەبات، ژیان) زیاتر گەشە پێبدەن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کچان و ژنانی کوردستان”.
ئەوەش هاتووە، “بەڕێزان مێژووی چەندین ساڵی تێکۆشانی ئێوە، شاهێدە کە توانیوتانە رۆڵتان هەبێت لە دەرفەت رەخساندن بۆ خستنەڕووی تواناکانی کچان و ژنان، کە لە چەندین بواردا، خزمەت بە گەل و وڵاتەکەمان بکەن”.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، “دیارە بەستنی کۆنگرە و پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لە تێکۆشانی رێکخراوەکەتاندا، گوڕو تینێکی زیاتر بەو رۆڵەتان دەبەخشێت لە هێنانەپێشەوەی کچان و ژنانی بەتوانا و کارامە، لە بوارە ژیارییەکانی کۆمەڵدا. بۆ ئەوەی یەکێتیی ژنان هەمیشە سەرچاوەی هێز و هیوای پێگەیشتنی ژنانی کوردستان بێت لە کایەی گشتیی کۆمەڵ و بەشداریی سیاسی لە جومگەکانی حوکمڕانی و بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەماندا. دووبارە سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین”.