قائیمقامی قەزای دەربەندیخان رایدەگەیەنێت، لە نزیکترین کاتدا بەرەسمی دەستدەکرێت بە پرۆژەی بەدووسایدکردنی رێگەی دەربەندیخان-زەڕایەن.
سلێمان محەمەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمڕۆ کۆمپانیای جێبەجێکار سەردانی کردین و داوایکرد شوێنی نوسینگەکانیان لێرە جێگیر بکەن”.
وتیشی، لەئێستادا کۆمپانیاکە ئامێرەکانیان گواستووەتەوە بۆ شوێنی کارکردن، ئێمەش بەڵینمان داوە هاوکاریان بین و لە نزیکترین کاتدا، بە رەسمی دەست بە کارەکان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تائێستا بودجەی تەرخانکراو بۆ پرۆژەکە و ماوەی خایاندنی نادیارە، بەڵام پرۆژەکە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدەدرێت و رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە”.
رێگەی دەربەندیخان-زەڕایەن، هاوکات شارەڕێی سەرەکیی سلێمانی-کەلاریشە و بە یەکێک لەو رێگەیانەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە زۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدا روودەدات و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیش بەهۆیەوە دەبنە قوربانی، لەبەر ئەم هۆکارە، بە “رێگەی مەرگ” ناسراوە.