د. رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، بەهەر رێککارێک بووە لە رێککارەکان، هەردەبێت دەرچووانی بەشی پزیشکی دابمەزرێن.
د. رەهێڵ فەرەیدون لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پرسی دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی لە رابردوودا براوەتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتا قسە لەسەری ئەوەبووە، کە دەبێت لەسەر ئاستێکی باڵا کار بۆ دامەزراندنیان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی سەرەکی ئەوەیە ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدادەوە بۆ مووچە دیاریکراوە نابێت زیادبکرێت، بەڵام لە مانگی حەوتدا ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان خانەنشین دەبن، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین لە شوێنیان تەنانەت دەرچووانی بەشی ددان و دەرمانسازیش جێگابکەینەوە.
جەختیشیکردەوە، دەرچووانی بەشی پزیشکی دڵنیادەکەینەوە، هەر دەبێت دابمەزرێن جا بەهەر رێککارێک بووە لە رێککارەکان.