ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی پەیامێك ئاراستەی مووچەخۆران دەكات

گردبوونەوەی مامۆستا و فەرمانبەران لە هەڵەبجە ئەرشیف

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەربارەی كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان یان درێژەدان بە بایكۆت پەیامێك ئاراستەی مووچەخۆران و مامۆستایان دەكات.

ئەنجومەنەكە لە پەیامەكەیدا دەڵێت، وەک ئاگادارن، پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەهۆی بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانی ئێوەوە گەیشتووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ناوەندە نێودەوڵەتی و عێراقییەکان و هەرێم.

دەشڵێت، “بۆیە لەئێستادا زۆر گرنگە ئێوەی خەمخۆر، بۆ داکۆکی لە بژێویی خۆتان و ماڵ‌ و منداڵتان، درێژە بە ناڕەزایەتییەکان و بایکۆتی خۆرسکانەتان بدەن، تا ئەو کاتەی پرسی مووچە چارەسەر دەبێت”.

مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ راگەیاندنی درێژەدان بە بایكۆت دووپاتیشیدەكاتەوە، بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەتی مووچەخۆران بە سەرجەم ناوەند و دەزگا پەیوەندیدارەکان. تا ئەو کاتەی پرسی مووچە چارەسەری ریشەیی بۆ دەکرێت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ یەك مانگە پڕۆسەی خوێندن لە سنووری چەند پەروەردەیەك راگیراوە و هیچ كەس ئامادەنییە گوێ لە داواكاریی مامۆستایان بگرێت.

لەبارەی شكاندنی بایكۆت لە ناوەندەكانی خوێندن، بەرهەم مستەفا باسی لەوەكرد، تەنها لە چەند خوێندنگەیەك كە ژمارەیان زۆر كەمە و خوێندكاری قۆناغی 12ی ئامادەییان هەیە دەوامیان دەستپێكردووەتەوە، ئەگەر نا لە زۆرینەی ناوەندەكانی خوێندن بایكۆت بەردەوامە و زۆرێك لە خوێندنگەكان كە دەستیانكردووەتەوە بە دەوام مامۆستایان و خوێندكاران ئامادەییان نەبووە و لە بەشێكی زۆری پەروەردەكانی دەرەوەی شاردا تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی خوێندن بەردەوامە.

بە بڕوای بەرهەم مستەفا، “مەترسی هەیە ئەمساڵیش دوو بۆ سێ مووچەی مامۆستایان هاوشێوەی چەند ساڵی رابردوو بفەوتێت”.

بابەتی پێشتر

زانكۆی سەلاحەدین دەستپێكردن بە خوێندنی باڵا دواناخات

بابەتی دواتر

ناسا كەشتییەك رەوانەی هەسارۆچكەیەكی جیاواز دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share