وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێم لەسەر ڤیدیۆ کلیپێک دێتەدەنگ و داوا لە دەزگا میدیاییەکان دەکات، پەخشی نەکەن.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، “چەند رۆژێکە کلیپێک لەلایەن (توانا سەعید) ناوێک لەژێر ناونیشانی (Millionaire)ـدا بڵاوکراوەتەوە، کە کارێکی نەشیاوی دوور لە نەریتی گشتییە، بێڕێزیکردن و کەم نیشاندانی برایانی پۆلیسە، کە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی سێیەم/ بڕگەی سێیەم لە رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2014 تایبەت بە چاودێریی بواری میدیا لە هەرێمی کوردستان”.
وەزارەتەکە لە نووسراوەکەدا کە واژووی شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری لەسەرە، سەرجەم میدیا بیستراو و بینراوەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە، کە کلیپەکە پەخش نەکەن و دەشڵێت، “پابەندبوونتان بە خۆپاراستن لە نمایشکردنی کاری لەم شێوەیە، خزمەتە بە کۆمەڵگاکەمان و باشترین گوزارشتیشە بۆ ئاستبەرزیی کەناڵەکانتان”.
جێی ئاماژە بۆکردنە، ئەو ڤیدیۆ کلیپەی وەزارەتی رۆشنبیری قەدەغەیکردووە، رۆژی 30/3/2025 بڵاوکراوەتەوە و لەناو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.
