قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەكدارییەكان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە چەند پرسی گرنگی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی شەممە (12/4/2025) بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و دوایین پەرەسەندنەكانی دیكەی ناوچە ئاڵۆگۆڕی بیروڕاكرا.
هەردوولا هاوڕابوون كە هێشتا تیرۆر و بە تایبەتیش تیرۆریستان هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان و عێراق، لەم چوارچێوەیەدا وەفدەكەی كۆنگرێس جەختیان كردەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەكانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیشەوە، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، راستە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت بە خێرایی ناچێتە پێش، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوە و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی كابینەیەكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو رێكبكەون كە هەم لە ئاستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاوڵاتییاندابێت و هەم بتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ناوچەكەدا، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی هەرێمی كوردستان بە باشی بپارێزێت.
سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش، جێگری سەرۆك وەزیران روونیكردەوە كە حكومەتی هەرێم گەشبینە و هەموو هەوڵێكیش دەدات لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا لەگەڵ بەغداد بگەنە رێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
لەبارەی گازیشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئەولەوییەتی حكومەتی هەرێم لەم قۆناغەدا بەكارهێنانی گازە بۆ دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاوڵاتییان و هەروەها دابینكردنی گازە بۆ بەكارهێنانی ماڵان و كارگە پیشەسازییەكان.
ئەندامانی دیكەی وەفدەكەی كۆنگرێس پێكهاتبوو لە مایكل باومگارتنەر، ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە و هەر یەكە لە سارا جاكۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ لە ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەكدارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا.