قوباد تاڵەبانی: رێککەوتنی کۆتایی یەکێتی و پارتی نزیکە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، رایگەیاند، “لە نزیکترین دەرفەتدا یەکێتی و پارتی دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی”.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی(11/4/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئاستی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری زیاتر بکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنانیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا، بە تایبەتیش لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، “هەنگاوی زۆر باش نراوە و بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامدەبن و گەشبینین لە نزیکترین دەرفەتدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی”.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

د.نەرمین مەعروف: چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ تەیف سامی بۆ گفتوگۆی کێشەکانی لیستی مووچە بێتە هەرێمی کوردستان

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەفدێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتی تەیف…
Total
0
Share