قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ یۆنان لەگەڵ ئۆلگا كیفالۆیانی، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان كۆبووەوە و پێكەوە چۆنییەتی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و یۆنانیان لە بواری گەشتوگوزاردا تاوتوێكرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەممە، لە پەراوێزی كۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بەوەی لە ماوەی رابردوودا ئاستی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەرێم و یۆنان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتیش لە دوای دەستپێكردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانییەوە رێژەی سەردانكردنی گەشتیار لە نێوان هەردوولادا بەرزتربووەتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە گەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار لە ئەولەوییەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بە گرنگی زانی سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەند و سەركەوتووی یۆنان وەربگیرێت و لەم چوارچێوەیەشدا داوایكرد وڵاتی یۆنان كارئاسانی بكات بۆ ئەو خوێندكارانەی هەرێمی كوردستان كە دەیانەوێت لە بواری گەشتوگوزاردا لە زانكۆكانی ئەو وڵاتەدا بخوێنن.

لەمبارەیەوە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ كارئاسانیكردن بۆ خوێندكارانی هەرێم.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەر لە پێناو پتەوتركردنی پەیوەندیی گەشتوگوزاریی نێوان هەردوو وڵات، قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی ئۆلگا كیفالۆیانی كرد سەردانی كوردستان بكات كە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەكەی قبووڵ كرد و رایگەیاند، لە نزیكترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share