ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کارەبا لە رێگای غازی خۆمان (هەرێمی کوردستان)ەوە بەرهەمدەهێندرێت، هەربۆیە نابێت بە نرخی بارزگانی بە هاولاتییان بدرێت، لەبەر ئەوەی هەموومان شایستەی ژیانێکی شایستەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2021ـی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، نرخی کارەبای حکومی بۆ ماڵان، بۆ یەک کیلۆ وات تەنها بە 18 دینارە بۆ ئاستی یەکەمی بەکارهێنان کە 450 کیلۆواتە، بۆیە هەر کۆبوونەوەیەک بکرێت تەنها بۆ زیادکردنی نرخی کارەبایە نەک کەمکردنەوەی نرخەکەی.
ئاماژەی بەوەشدا، کارەبا لە رێگای غازی خۆمانەوە بەرهەمدەهێندرێت، هەربۆیە نابێت بە نرخی بارزگانی بە هاولاتییان بدرێت، لەبەر ئەوەی هەموومان شایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانەین.
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، بەرهەمهێنانی غاز دەگاتە 800 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، ئەم بڕەش بە تەواوەتی بەشی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەکات، چونکە ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا تا هەشت هەزار مێگاوات ئامادەیە و تەنها پێویستی بە غاز هەیە.