زانکۆى سلێمانى هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیی پرۆژە و بیرۆکەى داهێنان دەگرێتەبەر.
زانکۆى سلێمانى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەک بەشێک لە بەرپرسیارێتیی خۆی، هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی ئەو پرۆژە و بیرۆکە داھێنەرانەی کە خزمەتی کۆمەڵگە دەکەن لە بوارە جیاوازەکاندا. بەمەش زانکۆ دەبێتە ناوەندێکی گرنگ و کاریگەر بۆ دۆزینەوەی توانا شاراوەکانی ناو زانکۆ.
کێ سودمەند دەبێت لەم پرۆژەیە؟
بە شێوەیەکی گشتی ھەر خوازیارێک لە زانکۆی سلێمانی (خوێندکار، فەرمانبەر، یاخود مامۆستا) دەتوانێت بەشداری بکات و پرۆژە و بیرۆکەکانی پێشکەش بکات.
خاوەن پرۆژەی براوە بە چی سودمەند دەبێت؟
1. بیرۆکەکەی بۆ دەکرێت بە کردار و هەوڵدەدرێت کە تەواوی تێچووی پرۆژەکە بە هاوکاریی کەناڵە جۆربەجۆرەکانی زانکۆ و لەلایەن زانکۆوە دابینبکرێت.
2. خاوەن پرۆژەی براوە، رێژەیەکی دیاریکراو لە قازانجی پرۆژەکەی پێدەدرێت.
3. گرتنەبەری میکانیزمێکی تایبەت بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکان.
4. ھەوڵدەدرێت لە رێگای وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پرۆژە و بیرۆکە براوەکان تۆماربکرێن بۆ پاراستنی مافی مادی و مەعنەوی خاوەن بیرۆکە و زانکۆ.
پڕۆژە و بیرۆکەکان لە چ بوارێکدا دەبن؟
بە شێوەیەکی گشتی بوارەکان گشتگیرن بە جۆرێک ھەر پرۆژە و بیرۆکەیەک خزمەت بە ھەر بوارێکی پەرەپێدانی کۆمەڵگە بکات لە رووی خزمەتگوزاری و زانستی. دەکرێت دابەشکردنی بیرۆکە و پڕۆژەکان بە گوێرەی پسپۆڕی کۆلێژەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی زانکۆ رێکبخرێن وەک پسپۆڕی تەندروستی، پزیشکی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا، توێژینەوە، رێگاوبان، پەروەردە، ژینگە…ھتد.
میکانیزمی جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکە:
بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن سەنتەری ھەماھەنگی نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە لە زانکۆی سلێمانی سەرپەرشتی دەکرێت.
بە ھەماھەنگی ئەکادیمیستان و پسپۆڕانی کۆلێژە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتیەکان لیژنەی پێویستیان بۆ دروستدەکرێت بۆ ھەڵسەنگاندنی پڕۆژە و بیرۆکەکان.
رێنمایی تایبەت بە وەرگرتنی بیرۆکە و پرۆژەکان:
ھەر بەشداربوویەک پێویستە رەچاوی ئەم رێنماییانە بکات لە کاتی پێشکەشکردنی پرۆژە یان بیرۆکەکەی:
1. خزمەتی کۆمەڵگە بکات.
2. نوێگەری تەواوی تێدا بێت.
3. واقیعی بێت لە رووی دابینکردنی سەرچاوە و توانای جێبەجێکردن و، بگونجێت لەگەڵ کارنامەی کارکردنی حکومەت و ئاکاری گشتی.
4. نابێت پێشتر لە هیچ شوێنێک پێشکەشکرابێت و دیاری لەسەر وەرگیرابێت.
5. نابێت لە هیچ شوێنێکی کوردستانی گەورە لە بواری جێبەجێ کردندا بێت.
6. پێویستە پێکھاتەیەکی تایبەت ھەبێت لە نووسینی پرۆژەکە کە ئەم بابەتانەی تێدابێت:
• پێشەکی
• دید و پەیامی پرۆژەکە
• لایەنی سوودمەندی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ
• خاڵە جیاکەرەوەکان و نوێیەکانی پرۆژەکە
• نمونەی سەرکەوتوو لە وڵاتانی تر
• میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە
• تاسک شیت و خشتەی کاتی پرۆژەکە
• بەربەست و ئاڵنگارییەکان
• میکانیزمەکانی ھەڵسەنگاندنی ئاستی بەرەوپێشچوون
• بودجەی خەمڵێنراو بە خشتەیەکی ورد و گونجاو
پێشکەشکردنی پرۆژە و بیرۆکەکان بە درێژایی ساڵ بەردەوام دەبێت. کورتەی پرۆژەکان بەبێ ناو لە رێگەی دانانی کۆدێکی تایبەتەوە دەنێردرێن بۆ لیژنە تایبەتەکان.
– خوازیاران دەتوانن پڕۆژەکانیان بنێرن بۆ ئەم ئیمەیلە: