وەزارەتی کۆچ: گەڕانەوەی ئاوارەکان زۆرەملێ نییە و ڕێگەنادەین بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانەوە بۆ ناوچە بنەڕەتییەکانی خۆیان بە شێوەی زۆرەملێ نییە و بە ویستی خۆیانە، جەختیشیکردەوە هەوڵی تەواو دەدەن تاوەکو وەک کارتێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەکارنەهێنرێت.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، “گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە ویستی خۆیانە و تاوەکو ئێستاش بەشێک لە ئاوارەکان ڕەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی ژیانی پێشوویان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە گەڕانەوەی پێچەوانەی ئاوارەکان هەیە، چونکە هەندێک لەو ئاوارانە تاوەکو بەر لە ئاوارە بوونیشیان خاوەنی خانووی خۆیان نەبوون.

بریکاری وەزارەتی کۆچ دەشڵێت، “وەزارەت هەوڵی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدات بۆ شوێنی خۆیان هەروەها ڕێگە دەگرێت لە بەکارهێنانی ئەو پرسە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان”.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، عەبدولحسەین هینداوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکان ڕەتیکردەوە هیچ بڕیارێک هەبێت سەبارەت بە هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات.

وتیشی، لە ئێستادا گرنگترین شت بەلای ئێمەوە مافی هەر عێراقییەکە لە دەنگداندا ئەگەر لە هەرشوێنێکبن.

بابەتی پێشتر

سەرەڕای كۆرۆنا وڵاتێكی ئەوروپی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامدەدات

بابەتی دواتر

عێراق.. سەرۆکایەتیی کۆمار 340 سزای لەسێدارەدانی پەسەندکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share