رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە، تێگەیشتنی وڵاتەکەیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا جیاوازە لەوەی کە ترەمپ باسیکرد.
رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی تارانەوە باسیلەوەکرد، نوێنەرانی تاران و واشنتن بەنیازن رۆژی شەممە لە عومان کۆببنەوە بۆ دانوستانی “ناڕاستەوخۆ”، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاران کراوە دەبێت بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا “ئەگەر دانوستانە ناڕاستەوخۆکان، بە باشی بەڕێوە بچن”.
دوێنێ دووشەمە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی شەممە، واشنتن و تاران دانوستانی راستەوخۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێدەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر کاربەدەستانی ئێران بانگەوازەکانی ئەمریکایان بۆ دانوستانی لەو شێوەیە رەتکردبووەوە.