وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەرپرسێکی کۆشکی سپی سەردانی دیمەشقی کردووە بۆ گرێبەستێک لەگەڵ ئەسەد

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، دوێنێ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەم، بڵاویکردەوە کە بەرپرسێکی کۆشکی سپی، بە سەردانێکی نهێنی گەیشتووەتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا کۆبووەتەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپەوە ڕایگەیاندووە، کاش پاتێل، جێگری یاریدەدەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، کە بەرپرسێکی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆرە لەناو کۆشکی سپیدا، لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵەوە سەردانی دیمەشقی کردووە، هەروەها ژمارەیەک کۆبوونەوەی نهێنیی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا و بەشار ئەسەدیشدا ئەنجامداوە.

بەپێی ڕۆژنامەکە مەبەستی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانیش، لێکۆڵینەوەبووە لە چارەنوسی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی لای دەسەڵاتدارانی سوریا دەستبەسەرکراون کە بەلایەنی کەمەوە دوو هاوڵاتیی ئەمریکیین.

سەرچاوەکان ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە ئەو بەرپرسانەی باتێل لە کۆبوونەوە نهێنییەکانیدا بینیونی کێبوون، بەڵام ئەوەی ئاشکرا کردووە کە گفتوگۆکان بەمەبەستی گەیشتنبووە بە گرێبەستێک لەگەڵ ئەسەددا، سەبارەت بە ئازادکردنی ئۆستین تایس-ی ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆی ئەمریکی کە پێشتر لە ڕیزەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا خزمەتی کردووە و لەکاتی ڕوماڵ کردنی ڕوداوەکانی سوریا لە ساڵی 2012دا ڕفێنراوە، هەروەها ماجد کمالماز-ی پزیشکی ئەمریکی، کە ئەویش دوای ڕاگرتنی لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ساڵی 2017 ڕفێنرا.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە کە لانیکەم چوار هاوڵاتیی دیکەی ئەمریکی لەلایەن حکومەتی سوریاوە دەستبەسەر کراون بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری لەسەر دۆسییەکانیان کەمە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئەوە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییە بۆ سوریا، لەدوای چاوپێکەوتنەکانی ساڵی 2010ی نێوان بەرپرسانی کۆشکی سپی و حکومەتی سوریا، ئەمریکا سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاند ئەویش بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی حکومەتی سوریا بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامیدا.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامە لە کابینەی پێشوو، هەروەها بەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا هەوڵێکی چڕیاندا بۆ دورخستنەوە و دابڕانی حکومەتەکەی ئەسەد لە مەیدانی نێودەوڵەتی، هەروەها سەپاندنی سزای فراوان بەسەر دەسەڵاتدارانی دیمەشقدا.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای ئازادکردنی ئەمریکییە دەستگیرکراوەکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی سوریاوە کرد، هەروەها مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئابی ڕابردوودا جەختیکردەوە کە ترەمپ بە نامەیەک داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنوسە ئەمریکییەکەی لە ئەسەد کردووە.

بابەتی پێشتر

ئێران دەیەوێت لە ساڵی ئایندەدا یەک ملیار دۆلار لە سوریادا خەرجبکات

بابەتی دواتر

ئێران دەرگا بەسەر ئەرمینیادا دابخات پێدەچێت لە بێ کەسیدا جەنگەکە بدۆڕێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share