وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم رایگەیاند، “ژمارەی ئەو خانەنشینە نوێیانەی مامەڵەیان تەواوبووە نەگەیشتووەتە هەزار کەس”.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، مامەڵەی خانەنشینە نوێیەکان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا لە هەموو هەرێم ژمارەی ئەو کەسانەی مامەڵەکانیان تەواوبووە نەگەیشتووەتە هەزار کەس، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە.
باسی لەوەشکرد، “لە مانگی ئازاردا مامەلەی چەند کەسێک تەواوکرا و مووچەی مانگەکانی یەک، دوو و سێیان پێکەوە وەرگرت، بۆ مانگی چواریش ژمارەیەک خانەنشین مامەڵەکانیان تەواوبووە و مووچەی چوار مانگیان بەسەریەکەوە بۆ خەرجدەکرێت”.
سادق عوسمان ئەوەشی وت، “دۆخی دارایی ئەو خانەنشینانە خراپە و پێویستە رێگاچارەی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان بە خێرایی بۆ تەواوبکرێت و مووچەکانیان بۆ خەرجبکرێت”.