دڵنیایى لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانەوە دەدرێت

راوێژکارێکى سەرۆک وەزیرانى عێراق دەربارەى دابینکردنى مووچە لە ئەمساڵدا سەرەڕاى دابەزینى نرخى نەوت دڵنیایى دەدات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی بودجەی 2025دا بە تەواوی دابینکراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، تەنانەت دوای دابەزینی نرخی نەوتیش.

وتیشى، “حکومەت کاردەکات بۆ پاراستنی مووچەی مانگانە و بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت”.

عێراق لە ساڵانی رابردوودا بە قەیرانى زۆردا تێپەڕیوە، کە نرخی نەوت زیاتر لە ئێستا دابەزیوە، بەڵام توانیویەتی مووچە دابینبکات، چونکە مووچە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کارکردنی حکومەت، مەزهەر محەمەد وا دەڵێت.

ئەو وتانەى راوێژکارەکەى سودانى لەکاتێکدایە نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا دابەزینى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە و، ئەمڕۆ نرخى بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 64 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share