بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، “هەندێک لە بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژیان کردووە”.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمساڵ بڕی بارانبارین لە تەواوی هەرێمی کوردستان بڕی بارانبارین بەڕێژەیەکی زۆر بەروارد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەو هۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەڵام هەندێک لە بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژبوون”.
لەبارەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی وتی، “راستە ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان لە ساڵی پار کەمترە، بەڵام چەندین ساڵی دیکە کە رووبەڕووی وشکەساڵی بووینەتەوە ئاستی ئاو زۆر لە ئێستا کەمتر بووە، ئێستا ئەو ئاوەی لە بەنداوی دەربەندیخان هەیە بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە پێویستییەکانی خۆمان بە زیادەوە دابیندەکات”.
باسی لەوەشکرد، “بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە ئەمساڵ هیچ بەنداوێکی نوێ دروستنەکراوە و دەست بە پرۆژەکان نەکراوە”.
لە هەرێمی کوردستان، جگە لە بەنداوە گەورەکانی وەک دوکان، دەربەندیخان و دهۆک، 21 بەنداوی بچووکی دیکە هەن.