قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڵام دەمانەوێت بیکەین بە پایتەختی کارسازی و وەبەرهێنان لە عێراق و ناوچەکەش
قوباد تاڵەبانی لە دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کارسازی و وەبەرهێنان لە سلێمانی رایگەیاند، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڵام دەمانەوێت بیکەین بە پایتەختی کارسازی و وەبەرهێنان لە عێراق و ناوچەکەش، بۆ ئەو مەبەستە ساڵی رابردوو بە ئەنجامدانی یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کارسازی و وەبەرهێنان تۆوێکمان چاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە روئیایەکی روونمان هەیە، دەمانەوێت سلێمانی بکەین ناوەندێک بۆ داهینان و کارسازی بۆ ئەمەش پێویستمان بەوەیە هەمووان باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، متمانەیان بە توانا و لێهاتووی خۆیان هەبێت، بە تایبەت گەنجەکان، دەبێت ببنە سەرە رمی ئەو کەوانەی بۆ ئەو رێگایە دەمانبات.
باسیلەوەشکرد، داهێنان بناغەیەکە بۆ بازاڕی کاری ئەمڕۆ و سبەینێمان، بۆ بونیادنانی داهاتوومان، بۆ تەنها داهێنان و پێشکەوتن و گەشەسەندن تەنها دەبێت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بێت؟ شارەزایی و ئەزموونمان نییە؟ زانکۆ و پەیمانگای باشمان نییە؟ عەقڵمان نییە؟ دۆستمان نییە؟ بەڵێ هەموویمان هەیە، بۆیە بەڵێ ئێمەش دەتوانین داهێنان بکەین لە ئێستا و لە داهاتوودا، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر باوەڕمان بە خۆمان هەبێت، سلێمانی دەکەینە ناوەندێک بۆ داهێنان و کارسازی و پێشکەوتن بۆ هەموو ناوچەکە.
قوباد تاڵەبانی لە درێژەی وتەکانیدا وتیشی، لە ساڵی 2014 مووچەی هەرێم بڕا، رووبەڕووی هێرشی داعش بووینەوە، هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان، هەزار و یەک قەیران بەرۆکی گرتین و حکومەتی هەرێم رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە، هەر بۆیە هاتین پرۆژەی بایۆمەتریمان راگەیاند، بیرمە ئەو کاتە خەڵک وایەزانی ئێمە تێكچووین، بەڵام کۆڵمانندەدا بە سوودوەرگرتن لە ئەزموون و توانا ناوخۆییەکان توانیمان سیستمێک پەیڕەو بکەین کە ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینین، کەبەبێ ئەو سیستمە هەرگیز حکومەتی فیدڕاڵ مووچەی بۆ هەرێم نەدەنارد، ئەو سیستمە وایکرد ئەوان متمانەیان بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەبێت.
جەختیکردەوە، بەردەوامدەبین لە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی حکومەت و حوکمڕانی، هەموو شتێمان بۆ گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە پێویستە، بۆ ئەمەش مێژوویەکی پڕ لە شانازییمان هەیە میراتێکی قووڵمان هەیە، سامانی سروشتی و مرۆیی زۆر باشمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی زۆرمان هەیە، ئالنگاری زۆرمان هەیە و پێویستە رووبەڕوویان ببینەوە، کە ئەمەش هەر ئامانجی ئەم کۆڕبەندەیە.