هۆشداری دەدرێت لە دروستبوونی شەڕێکی بازرگانی بەهۆی سەپاندنی باجەکانی ترەمپ

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی هۆشداری دەدات لە دروستبوونی شەڕێکی ‘گەورەی’ بازرگانی بەهۆی ئەو باجانەی بە فەرمانی ترەمپ، لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر وڵاتاندا دەسەپێندرێن.

نگۆزی ئۆکۆنجۆ-ئیوێلا، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لەبارەی سەپاندنی باجەکانی ترەمپەوە رایگەیاند، ئەگەری هەیە ئەم بارودۆخە پەرەبستێنێت بۆ شەڕێکی بازرگانی و ویستی تۆڵەسەندنەوە، کە ئەمەش رەوشی بازرگانی تێکدەدات و لادان روودەدات.

بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی رێکخراوەکە، ئەو باجانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە سەپێندراوە، رەنگە ببێتە هۆی دابەزینی قەبارەی بازرگانیی جیهانی بە رێژەی نزیکەی %1 لە ئەمساڵدا.

وتیشی، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی کارەکانی ئەمریکا دەکەن و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەبارەوە دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە باجی نوێی گومرگ لەسەر کاڵای وڵاتان دادەنێن، هەر وڵاتێکیش دەیەوێت باج لەسەر کاڵاکانی کەمبکرێتەوە، پێویستە سەرەتا ئەو دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی باج لەسەر کاڵاکانی ئەمریکا بکات.

زۆرترین باجی گومرگی لەسەر کاڵای چین دانراوە کە 34%ـە و کەمترین باجیش لەسەر کاڵاکانی وڵاتی سەنگافورە کە تەنها 10%ـیە؛ ترەمپ ئەم هەنگاوە بە “راگەیاندنی سەربەخۆیی ئابوری” بۆ ئەمریکا وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو باجە نوێیانە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەڕاندنەوەی پارەیەکی زۆر بۆ دانەوەی قەرزەکانی حکومەت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share