پاسپۆرتی سلێمانی هاوڵاتییان لەبارەی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت، “ئەو هاوڵاتییانەی نۆرەی ئەلیکترۆنی ناگرن، بڕی 100 هەزاری زیاتریان لێوەردەگیرێت”.
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی هاوڵاتییان کرد و رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییانەی نۆرەی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت ناگرن، بڕی 100 هەزار دینار زیاتریان لێوەردەگیرێت بۆ مامەڵەکانیان.
دەشڵێت، “تێچووی مامەڵەکان بڕی 91 هەزار دینارە، بەڵام ئەو هاوڵاتییانەی نۆرەی ئەلیکترۆنی ناگرن، بڕی 191 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت وەک رسومات”.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هاوڵاتییان لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا کە بە نامەی ئەلیکترۆنی بۆیان نێردراوە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکان تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، هەروەها ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت نۆرەی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت بگرن، دەتوانن لە رێگای QR کۆدی تایبەت بە پێگەی فەرمی پاسپۆرتەوە نۆرەکانیان وەربگرن.