بەرپرسێکى یەکێتى رایدەگەیەنێت، یەکێک لە ئاراستەکانى گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتى تایبەت بە شێوازى حکومڕانى زۆر باش چووەتە پێش و دەشڵێت، مەرجى یەکێتى خزمەتکردنى خەڵکە.
زیاد جەبار، ئەندامى سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان کە پەیامنێرى تۆڕى میدیایی ئێستا ئامادەبوو رایگەیاند، دانوستانەکانى نێوان یەکێتى و پارتى لە سێ ئاراستەدایە، یەکێکیان لەسەر شێوازى حکومڕانییە، کە ئەمەیان زۆر باش چووەتە پێش و کۆبوونەوەکان تەواو بوون.
وتیشى، “لە یەکێتى هەموومان لە رابردوودا گلەییمان لە شێوازى حکومڕانى لە هەرێم هەبووە، نەک پلە و پۆستەکان، بەڵکو بەردەوام قسەمان لەسەر راستکردنەوەى رێڕەوى حکومڕانى کردووە، بۆ ئەمە ئەو رێککەوتنە هەنگاوى زۆر باش چووەتە پێش”.
سەبارەت بە مەرجەکانى یەکێتیش بۆ وەزیرەکانى، زیاد جەبار باسى لەوەکرد، تا ئێستا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە چ وەزارەت و پۆستێکیان دەبێت، تا مەرجى بۆ دانێن، مەرجى سەرەکیی یەکێتى “خزمەتکردنى خەڵک و حکومەتێک بێت کە حکومەتى خەڵک بێت”.
بەرپرسەکەى یەکێتى ئاماژەى بەوەشدا، بەمنزیکانە کۆبوونەوەکانى وەفدى دانوستانى یەکێتى و پارتى دەستپێدەکەنەوە.