پێگەی پۆلیتیکۆ ئاماژە بەوە دەکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسانی ئیدارەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئێڵۆن مەسک، لە رۆڵی ئێستای لە حکومەتدا دەکشێتەوە.
پێگەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ترەمپ لە مەسک و کارەکانی رازییە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، هەردووکیان بڕیاریانداوە کە کاتی ئەوە هاتووە مەسک بگەڕێتەوە بۆ کاری پێشووی خۆی و سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئێکس بێت.
بەگوێرەی پێگەکە، کشانەوەی ئێڵۆن مەسک لەکاتێکدایە، لەناو ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانە بیانییەکانیدا هەست بە بوونی بێزاری و ناڕەزایی دەکرێت، بەهۆی بوونی مەسک و هەڵسوکەوتەکانی لەناو حکومەتدا، کە وەک میدیا ئەمریکییەکان باسی لێوەدەکەن، هەڵسوکەوتی مەسک بەراورد بە پێگە سیاسییەکەی، “چاوەڕواننەکراو و نەگونجاوە”.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە پێگەی پۆلیتیکۆ-ی راگەیاندووە، پێدەچێت مەسک ببێتە راوێژکاری نافەرمیی ترەمپ و رەنگە ناوبەناویش لە بازنەی حکومەتدا دەربکەوێت.
ئێڵۆن مەسک، بەهۆی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و وەرگرتنی پۆستی وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و بەشێکی هاوڵاتییانی ئەمریکا، ناڕازین لەوەی مەسک تێکەڵی سیاسەت بووە.
بەپێی زانیاریی میدیا ئەمریکییەکان، بەشێکی نیگەرانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مەسک پاڵپشتیی پارتی کۆمارییەکان دەکات، کە پارتەکەی ترەمپە.