بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان: پێشبینیی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار دەکەین

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان، رایگەیاند، “ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە و پێشبینیی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار دەکەین”.

رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بەهاوکاریی قائیمقامیەتی سلێمانی پلانێکی تۆکمە بۆ ئامادەکاری و پێشوازی لە گەشتیاران کراوە و ئەمساڵ لەبەرئەوەی ماوەی هەفتەیەک لە عێراق پشوو راگەیەندراوە پێشبینیی هاتنی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوەراست و باشووری عێراق بۆ دوکان و شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەین”.

لەبارەی نرخی کەپر و کابینە و شوێنە گەشتیارییەکانەوە، رێژین رەئوف وتی، “نرخی کابینە و کەپرە گەشتیارییەکان جێگیرە و بەپێی جۆری شوێنەکان و بڕی ئەستێرەکانیان دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات”.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان، وتیشی، “کاتێک داواکاری لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان زۆر دەبێت نرخەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی نرخەکان قۆرغ بکرێن، لیژنەکانمان لە رۆژانی جەژن لە ئەرکدا دەبن، هەر هاوڵاتی و گەشتیارێک گلەیی لە نرخ هەبوو دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share