سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبارەی رێككەوتن لەسەر “بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران” هەڕەشەی توند لە تاران دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە میانەی وتارێكدا رایگەیاند، نامەیەكی ئاگاداركردنەوەی ئاڕاستەی تاران كردووە و هۆشداریداونەتێ لەبارەی ئەوەی كە هەرچۆنێك بێت دەبێت تاران بێتە سەر مێزی گفتوگۆكان و لەگەڵ واشنتن رێكبكەوێت.
وتیشی، “راستەوخۆ بە ئێرانییەكانم راگەیاندووە كە دەبێت لەسەر چەند پرسێك كە یەكێكیان بەرانامەی ئەتۆمییە، رێكبكەوین ئەگەرنا شتێكی خراپ بەرانبەر ئێران روودەدات كە لە راستیدا نامەوێت ئەوە رووبدات”.
جەختی لەوەشكردەوە، “من ناڵێم كە ئەم هەنگاوە لە رێگای توندووتیژی یان بێهێزكردنی ئابوری و سزای هاوشێوەوە دەبێت، بەڵام ئامانجی سەرەكی من رێككەوتە لەگەڵ ئێران، خۆ ئەگەر نەیانەوێت رێكبكەوێت؛ ئەوا شتێكی زۆر خراپ رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە”.
لەبەرانبەریشدا ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەكەیدا ئاماژەی پێدەكات لە كۆمەڵێك هەڕشەی تاكتیك ئامێز هیچی دیكە نییە و بە بەكارهێنانی هێز و هەڕەشەكردن بەهیچ شێوەیەك كێشەكانی ئێران و ئەمریكا چارەسەر نابن و تارانیش ناچێتە ژێر باری ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەوە.