ستافێکی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵێکی کلتوری سەردانی کۆریای باشووریان کرد و سبەینێ ڤیستیڤاڵێکی کلتور بەڕێوەدەچێت.
بەکر عومەر رەشید، بەڕێوەبەریی چالاکی هونەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وەک بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی، بە بەشداری 16 خوێندکار بەشداریمان کردووە لە ڤیستیڤاڵێکی کلتوری و هونەری لە کۆریای باشوور کە تیایدا کۆمەڵێک ئاواز و گۆرانی کوردی نمایشدەکرێت.
وتیشی، “ماوەیەکی زۆرە لە شاری سلێمانی سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ڤیستیڤاڵەکە و بڕیارە سبەینێ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی کۆریای باشوور و شاری سیئۆل لە گەورەترین زانکۆی شارەکە ئەنجام بدرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی سەردانەکەمان بۆ کۆریای باشوور، دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وڵات و ناساندنی کلتوور و هونەری کوردییە، بۆیە هەماهەنگی زۆرباش لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجامدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆریای باشوور یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئاسیا و جیهان و لە چەندین بواری جۆراوجۆردا خزمەت بە مرۆڤایەتی و کلتوور دەگەیەنن، لە 60 وڵاتی جۆراوجۆریشدا کارو چالاکییان هەیە لەوانە هەرێمی کوردستان.