توێژینەوەیەکى نوێ ئاشکرایدەکات کە نەوەکانمان لە ئایندەدا رووبەڕووى دۆخێکى دژوارى ئاووهەوا دەبنەوە، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بین لە سنووردانان بۆ دەردانى کاربۆن.
بەپێى زانایانى پەیمانگاى بوتسدام-ى ئەڵمانى بۆ توێژینەوەکانى کاریگەریی ئاووهەوا (PIK)، پلەى گەرمیی زەوى تا ساڵى 2200 بە بڕى حەوت پلەى سەدى (12.6 فەهرنهایت) بەرزدەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەردانى کاربۆن لە ئاستێکى هاوسەنگیشدا بمێنێتەوە.
ئەم بەرزبوونەوە زۆرە دەبێتە ئالنگارییەک بۆ بوون و مانەوەى شارستانیی مرۆڤایەتی و، پلەى گەرمیی بەرز ژینگەیەکى نەگونجاو سەبارەت بە چاندنى بەروبومە سەرەکییەکان دەهێنێتە ئاراوە، کە هەڕەشە لە ئاسایشى خۆراکیی جیهانى دەکات و دەبێتەهۆى برسێتیی بەرفراوان.
هەروەها توانەوەى سەهۆڵبەندانەکان دەبێتەهۆى نغرۆبوونى شارە کەناراوییەکان، ئەمەش ملیۆنان کەس ئاوارە دەکات، جگە لەوەى دیاردە توندەکانى ئاووهەوا زیاددەکەن وەک وشکبوونەوە، شەپۆلى گەرمى، ئاگرکەوتنەوە، زریان و لافاو.
لە وەرزى هاویندا، بەشێوەیەکى تایبەت، پلەى گەرمى دەگاتە ئاستێکى مەترسیدار کە هەڕەشە لە ژیانى سەرجەم تەمەنە جیاوازەکان دەکات.
کریستین کاوفۆلد، ئامادەکاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت، ئەنجامەکان دووپاتیدەکەنەوە لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە هەوڵەکانى کەمکردنەوەى کاربۆن و دوورخستنەوەى لە بەرگەهەوا.
دەردراوەکانى کاربۆن بەشێوەیەکى سەرەکى لە سووتانى وزەى بەردینەوە، وەک خەڵوز و غاز، دێنەدەر، بەهەمان شێوە لە پرۆسە سروشتییەکانى وەک تەقینەوە بورکانییەکان، دەردانى گاز لەلایەن رووەک و گیانداران، ئەمەش پێویستیی پشتبەستن بە تەکنیکى نوێ بۆ کەمکردنەوەى کاربۆن دەهێنێتە ئاراوە.