مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ نەورۆز و راپەڕینی كەركوك، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، “هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا هەمووان بەڕۆحێكی كوردانەوە یەكدەنگ و یەكڕیزبین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار لەخزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵك”.
دەقی پەیامەكە:
پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی بۆ نەورۆز و راپەڕینی كەركوك
بەبۆنەی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردییەوە كە هاوكاتە لەگەڵ یادی 34 ساڵەی سەركەوتنی راپەڕین و رزگاركردنی شاری كەركوكی قودسی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و نەتەوەی كورد لەسەرتاسەری جیهان دەكەین.
لە مێژووی گەلانی نەورۆزخوازدا نەورۆز جەژنێكی دێرینی نوێبوونەوەی سروشتە و لەناو گەلی كوردیشدا رەمزی تێكۆشانی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەیە.
هیوادارین لەم بۆنە نەتەوەییەدا هەمووان بەڕۆحێكی كوردانەوە یەكدەنگ و یەكڕیزبین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار لەخزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان.
نەورۆزتان پیرۆز و بەهاری رزگاریی یەكجارەكیتان بێتەدی
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان