چەند رێنماییەك بۆ هاوڵاتییان لە رۆژانى نەورۆزدا بڵاوکرانەوە

بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی جەژنی نەورۆزەوە، چەند رێنماییەك بۆ هاوڵاتییان لە رۆژانى نەورۆزدا بڵاوکرانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەكی بۆ هاوڵاتییان لە رۆژانى نەورۆزدا بڵاوکردەوە کە بریتین لەم رێنماییانە:

یەکەم: دوور کەوتنەوە لە سوتاندنى تایەى ئۆتۆمبێل چونکە جگە لەوەى دیاردەیەکى نا شارستانییە هاوکات، دەشبێتە هۆى پیس بوونى ژینگە.

دووەم: لە کاتى دەرچوونتان لە ماڵەوە بۆ گەشت و سەیران پێویستە (کارەبا) و (غاز) لە سەرچاوەى سەرەکىیەوە بکوژێننەوە.

سێیەم: بەهیچ شێوەیەک لەم ناوچانە نزیک مەکەونەوە کە کە گومانى هەبوونى مین و پاشماوەى تەقەمەنى لێیە، کە ئەمەش لە رێگاى تابلۆى ئاگادارىیەوە روون کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لە سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا کە زۆر جار دەبێتە هۆى وون بوونى رێگاکانتان و رۆیشتن بۆ شوینە سەختەکان و دواتر خلیسکان کە مەترسى لەسەر ژیانتان دروست دەکات.

چوارەم: لە کاتى چوونە سەر رووبار و سەرچاوە ئاویەکاندا چاودێرى منداڵەکانتان بکەن.

پێنجەم: لەكاتی گەڕانەوەتان بۆ ماڵەوە سەرچاوەی ئاگرەكانتان بەتەواوی بکوژێننەوە و بنبڕی بکەن، چونکە رەنگە دواتر سەرهەڵ بداتەوەو زەرەر بە سروشت بگەیەنێت هەروەها بە مەبەستى پاراستنى سروشت پاشماوەى خۆراک و زبڵ و خاشاک بەجێ مەهێڵن دواى خرکردنەوەیان لە شوێنى گونجاو فرێى بدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، هاوڵاتییان و گەشتیارانی بەرێز لە كاتی دروست بوونی هەر رووداوێكدا دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكانمانەوە بكەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share