ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە رۆژی پێنجشەممەوە، بەهۆی بایەکی بەهێز، خۆڵبارینێکی چڕ روو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەکات.
ئاراس جەبار لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، سبەی چوارشەممە 19/3/2024 لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی زیاتری بارستەھەوایەکی سارد بۆ سەر رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تورکیا، بای باشور لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق چالاکتر دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی نیوەڕۆ بەدواوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خێرایی بایەکە لەنێوان 20-50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، ھەندێک جاریش لوتکەی خێرایی بایەکە دەگاتە زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئەگەری خۆڵبارینی مامناوەند ھەیە لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و کەرکوک، لە ناوچەکانی دیکەش بە رێژەیەکی کەمتر.
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەشڵێت، لە کاتەکانی بەرەبەیان و پاشان لە کاتەکانی شەوی سبەی چوارشەممەدا، ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبروسکە و بارانێکی کەم ھەیە لە ھەندێک ناوچەی وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و سۆران، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ، 2 تا 3 پلە نزمتردەبێت .
ئاراس جەبار باسلەوەشدەکات، “کاریگەریی بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لەسەر ناوچەکانمان تا سێ رۆژی داھاتوو بە چالاکی دەمێنێتەوە، بەتایبەت لەنێوان کاتی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە خێرایی و توندیی بایەکە زیاتر دەبێت بەراورد بە کاتەکانی دیکە”.
هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە 20/3/2025، ئەگەر ھەیە لە ناوچەکانی باشور و رۆژھەڵاتی عێراقەوە، بەھۆی بەردەوامیی بای بەھێز، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین دروستببێت و سەرجەم ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بگرێتەوە؛ ھەروەھا بە رێژەیەکی کەمتر، پارێزگا و ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە، پلەکانی گەرماش تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەردەوام نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.