سوودەکانى رۆژوو.. دیارترینیان رزگاربوون لە ژەهراویبوون و دابەزاندنى کێش

توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە بەڕۆژووبوون دەشێت یارمەتیدەر بێت لە دەردانى ژەهر لە جەستە، رێکخستنى رێژەى شەکر لە خوێندا، باشکردنى تەندروستیی دڵ، بەهێزکردنى بەرگریی لەش و باشکردنى هەرسکردن، وەک ئەوەى لە راپۆرتێکى سایتى “Money Contorl”دا هاتووە.

توێژینەوەکان روونیشیدەکەنەوە، پێویستە پەیڕەوى سیستمێکى خۆراکیی دروست و شێدارکردنەوەى گونجاو لە مانگى رەمەزاندا بکرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە گرفتەکانى لاوازبوون، وشکبوونەوە و گرفتە تەندروستییەکانى دیکە.

بەپێى راپۆرتەکە رۆژوو ئەم سوودانەى هەیە:

دابەزاندنى کێش: لە مانگى رەمەزاندا کێش دادەبەزێت، بەڵام لە چەند مانگى داهاتوودا دووبارە زیاددەکاتەوە ئەگەر پەیڕەوى شێوازێکى تەندروستى نەکرێت.

ئاستى کۆلیستڕۆڵ: رۆژوو ئاستى کۆلیستڕۆڵ باشدەکات. بەپێى توێژینەوەکان هەموو جۆرەکانى کۆلیستڕۆڵ و چەوریی سیانى لە پیاواندا کەمدەکات و، لە ژنانیشدا کۆلیسترۆڵى باش HDL بەرزدەبێتەوە.

نەخۆشیی شەکرە: بە پەیڕەوکردنى سیستمێکى گونجاوى خۆراک رۆژوو سوود بە نەخۆشانى شەکرە دەگەیەنێت، بەڵام پێویستە زیاتر ئاگادارى خۆیان بن و گرنگیشە راوێژ بە پزیشک بکەن.

بەرگریى جەستە: رۆژوو کاریگەرى ئەرێنى لەسەر سیستمى بەرگرى هەیە، یارمەتى جەستە دەدات لە بەرەنگاربوونەوەى پەتا و هەوکردن.

تەندروستیی گورچیلە: لەکاتى بەڕۆژووبووندا ئاو ناخورێتەوە، ئەمەش رەنگە ببێتەهۆى وشکبوونەوە. توێژینەوەکان دەڵێن، رۆژوو کاریگەرى لەسەر ئەرکى گورچیلە و تەندروستیی میزەڕۆ نابێت لەو کەسانەى شێوازێکى ژیانى تەندورست پەیڕەو دەکەن و لەکاتى رۆژووشکاندن تا پارشێو ئاوى پێویست دەخۆنەوە بۆ پارێزگارى لە شێداربوونى جەستە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share