ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەوە زانیاری دەخاتەڕوو.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە مانگی یەکەوە چاوەڕێی ئەوەین کە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداد داتای منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بدات بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا نەنێردراوە، پرسیارم لە وەزیری شەهیدانی هەرێم کرد کە بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو داتایانە نەنێردراون ئەویش وتی ناردوومانە بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداد، دەپرسم دەکرێت ئەو نوێنەرایەتییە بە سێ مانگ وەڵامی نووسراوێک نەداتەوە؟
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “داوامکرد پێش 16ی ئازار سەردانی وڵاتی ئێران بکەین بۆ ئەوەی سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بکەین، بەڵام وەزارەتی شەهیدانی هەرێم لەو پرسەدا کەمتەرخەمە، ماوەی 37 ساڵە چەندین وەزیری شەهیدان هاتووە و رۆیشتووە تاوەکو ئێستا وەزیرێک نەبوو ئەم بابەتەی بەلاوە گرنگ بێت؟ چ دایک و باوکێک بەرگەی ئەوە دەگرێت منداڵەکەی 37 ساڵ ون ببێت و نەزانێت لەکوێیە؟
باسی لەوەشکرد، “ئێمە وەک نوێنەری هەڵەبجە داتامان بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوە، بەڵام دەبێت وەزارەتی شەهیدانی هەرێم داتاکان بە رەسمی بدات بە وەزارەتەکە”.
بەپێی وتەی چرۆ حەمەشەریف، “211 منداڵی ونبووی هەڵەبجە هەن کە 74 خێزان ناوی خۆیانیان نووسیوە کە منداڵیان ونبووە و دەیانەوێت سۆراغیان بکەن”.