عێراق لەرێگای چوار هەنگاوەوە، جێگرەوەی غازی سروشتی ئێران دەدۆزێتەوە، کە بریتین لە هاوردەکردنی غاز لە قەتەر و عومان و تورکمانستان و دروستکردنی دوو وێستگەی غاز.
سەعد جاسم بەڕێوەبەریی گشتیی سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، وەزارەتی کارەبا پلانی پێشوەختەی بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی غازی ئێران پەیڕەوکردووە و لەرێگای چوار هەنگاوەوە بڕی پێویستی غاز بۆ عێراق دابیندەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێگای یەکەم بریتییە لە هاوردەکردنی غاز لەرێگای قەتەرەوە، بەوپێیەی وڵاتەکە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی غازە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و رەزامەندی لەسەر هاوکاریکردنی عێراق دەربڕیوە، هەنگاوی دووەمیش بریتییە لە هاوردەکردنی غاز لەرێگای عومانەوە، سێیەمیش دابینکردنی بڕێکی دیکەی غازە لەرێگای وڵاتی تورکمانستانەوە بە سوودوەرگرتن لە رێگای بۆرییەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێگای چوارەم بۆ جێگرەوەی غازی ئێرانی، بریتییە لە دامەزراندنی دوو وێستگەی غازی سروشتی LNG لە بەشی باشووری عێراقدا، کە لە توانایدایە رۆژانە 14 بۆ 19 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەمبهێنێت.