دڵنیایى بە مووچەخۆران دەدرێت: مووچە زامن کراوە

وتەبێژى حکومەتى عێراق رایدەگەیەنێت، مووچە و سەرجەم تەرخانکراوەکانى تایبەت بە بەکاربردن زامن کراوە.

باسم عەوادى، وتەبێژى حکومەتى عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بودجەى ساڵى رابردووى عێراق 212 ترلیۆن بوو، لەو بڕە 156 ترلیۆن دینارى خەرجکراوە.

وتیشى، “60 ترلیۆنى بودجە بۆ مووچە رۆیشتووە، 40 ترلیۆنى بۆ بەکاربردنى وەزارەتەکان و 27 ترلیۆنیشى وەبەرهێنان”.

ئەوەى ماوەتەوە بۆ بودجەى وەبەرهێنانى ئەمساڵ 12 ترلیۆن دینارە، بەپێى نرخى بەرمیلێک نەوت لەنێوان 70 بۆ 73 دۆلار، عەوادى واى وت.

دووپاتیشیکردەوە، تەرخانکراو بۆ مووچە و بەکاربردن و هەموو ئەوانەى پەیوەندى بە حکومەتەیە زامنکراوە و مسۆگەرە.

لەکاتێکى پێشتردا مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، بودجەی ساڵی 2025 بە 200 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە لەگەڵ کورتهێنانی گریمانەیی 64 ترلیۆن دینار ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ 70 دۆلار و هەناردەکردنی نەوت بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزێت.

باسیلەوەشکرد، 68-70% ی خەرجییەکانی حکومەت بۆ مووچە دەبێت و بەشی دووەمیشی بۆ پرۆژە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنییەکان، دوای تەواوکردنی کارەکانی لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share