ئەمڕۆ 55 ساڵ بەسەر رێکەوتنی 11 ی ئازاری ساڵی 1970 ی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و حکومەتی ئەو کاتی عێراق تێدەپەڕێت.
رێکەوتننامەی 11 ی ئازاری 1970 لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق واژوو کرا کە یەکەم جار بوو مافەکانی کورد لە عێراقدا ناویان بهێنرێت.
رێکەوتنەکە بە بەشداریی هەریەکە لە عەزیز شەریف وەزیری ئەوکاتی داد، سەعدون غیدان وەزیری ناوخۆ، مورتەزا وەزیری دەرەوە، غانم عەبدولجەلیل پارێزگاری کەرکوک، مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، عەبدوڵا حەیدەری، محەمەد عەزیز، خالید عەبدولرەحیم پارێزگاری هەولێر و شوکری سەبری پارێزگاری سلێمانی واژوو کرا.
ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە لە پێشەکییەک و 22 بڕگە پێکهاتبوون، ناوەڕۆکی حەوت لە بڕگەکان بە نهێنی نووسرابوون، کە سەرجەم بڕگەکانی تایبەت بوون بە بەدیهێنانی ئەو مافانەی گەلی کوردەوە لە عێراقدا کە چەندین ساڵ بوو لە پێناویدا دەجەنگا.
هەرچەندە لەرووی تیۆرییەوە رێکەوتنەکە بە هەنگاوێکی گرنگ و دەستکەوتێکی گرنگ هەژماردەکرێت، بەڵام هیچ بەندێکی رێکەوتنەکە جێبەجێنەکرا و بەو هۆیەوە لە ساڵی 1974 شۆڕشی نوێ دەستیپێکرد.