کازمی: ڕێگەنادەین دامەزراوە ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێن

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ هەینی 22ی کانونی دووەم کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی عێراق و تەقینەوەکانی دوێنی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق وتاری مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ئاسایش، تەنها قسەکردن نییە لە ڕاگەیاندنەکانەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتیە، ژیانی خەڵکەکەمان و منداڵەکانمان بۆ قسەی جوان و پیاهەڵدان نییە، هەرکەسێک لە ئاست پاراستنی هاوڵاتییان و ئاسایشیاندا نەبێت لە شوێنەکەی دوردەخرێتەوە”.

کازمی وتویەتی، “ئەوەی دوێنێ لە بەغداد ڕوویدا پێشێلکارییەک بوو ڕێگەنادەین دووبارە ببێتەوە، ئێمە بەڵێنی پاراستنی ئاسایشمان بە خەڵکەکەمان داوە، ئەم پێشێلکارییە بەڵگەیەکە نیشانی دەدات گرفت هەیە و دەبێت بە خێرایی چارەسەری بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵی زۆریانداوە و ئۆپەراسیۆنی زۆریشیان ئەنجامداوە کە لە زۆربەیاندا سەرکەوتوو بوون بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش، ڕاشیگەیاند، “لەگەڵئەوەشدا ڕۆژانە هەوڵی بەردەوام لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هەیە بۆ هاتنە ناو بەغداد، بەداخەوە دوێنێ توانیان بگەنە بەغداد و خوێنی بێتاوانەکان بڕێژن، ئێمە چاوپۆشی لەو پشێوییە ئەمنییانە ناکەین”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیلەوەشکرد، “ڕێگریی زۆر هەیە لەبەردەم دەزگای هەواڵگریی پێویستە بە پەلە چارەسەر بکرێن، خۆم سەرپەرشتیی ئەو بابەتە دەکەم، پێویستە بە شێوەیەکی نوێ کار بکەین و ڕاهێنانی بەپەلە بکەین”.

مستەفا کازمی وتی، “عێراق یەک وڵاتە پێویستە سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و عەسکەرییەکانیشی بە یەک گیانەوە کاربەکەن، پێویستە لەسەرمان هەوڵە هەواڵگرییەکان لە هەموولایەکەوە یەکبخەین، ڕێگە بە موزایەدە نادەین لەسەر حسابی عێراق و عێراقییەکان، ژماریەک گۆرانکاری لە بونیادی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکاندا دەکەین و کردوومانە، کار بە نەخشەیەکی ئەمنیی گشتگیر دەکەین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو”.

جەختی لەوەکردەوە، “ژیانی خەڵک بۆ موزایەدەکردن نییە، ڕێگەنادەین دامەزراوە ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان بکرێن، پێویستە وانە لە دوێنێ وەربگرین بە شێوەیەکی پیشەییانە لە لایەنی ئەمنییەوە کار بکەین”.

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە ناوچەی باب الشرقی لە بەغداد ڕویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، مستەفا کازمی بڕیاری لەسەرکار لابردنی ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی دەرکرد و گۆرانکاری گەورەی لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا کرد.

بابەتی پێشتر

وادەی نمایشكردنی فیلمە نوێیەكەی جیمس بۆند ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا %99ی هەناردەکردنی کاڵای سنە بۆ هەرێمی کوردستان بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share