بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە سێ خاڵ، رێنمایی چۆنییەتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم خوێندنی ئەو خوێندنگانەی كە بەپێی ساڵنامەی خوێندن بەردەوام نەبوون، بڵاوكردەوە.
بەپێی نوسراوێكی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە تێیدا هاتووە، ئەو خوێندنگانەی كە بەپێی ساڵنامەی خوێندن دەوامیان كردووە، هەر بەپێی ساڵنامەی خوێندن تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم ئەنجامدەدەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو خوێندنگانەشی كە لە پڕۆسەی ساڵنامەی خوێندن دواكەوتون ئەوا پێویستە، رێككەوتی (13/4 تا 22/4) تاقیكردنەوەی نیوەی وەرزی یەكەم (20 نمرە) بۆ پۆلە ناكۆتاكانی (4-8)ی بنەڕەتی و پۆلەكانی (10 و 11) ئەنجامبدەن.
هەروەها، تاقیكردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلەكانی (9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی) لە رێككەوتی (8/4 تا 21/4) ئەنجامبدرێت وەك چۆن لە ساڵنامەی خوێندندا هاتووە.
سەبارەت بە تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمیش لە نوسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی-دا هاتووە، تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرز (خولی یەكەم و خولی دووەم) بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە وەك خۆی ئەنجامدەدرێن.
پەروەردەی سلێمانی ئەوەشیخستووەتەڕوو، كە رۆژانی شەممانیش تاقیكردنەوە ئەنجامدەدرێت و ئەگەر پشووی رەسمی كەوتە نێو رۆژی یەكێك لە تاقیكردنەوەكانەوە ئەوا ئەو رۆژە تاقیكردنەوە ئەنجامنادرێت و بەپێی هەمان زنجیرە تاقیكردنەوە رۆژی دواتر تاقیكردنەوەكان بەردەوامیان دەبێت.
