حكومەتی هەرێم: بۆ دابەشكردنی موچە چاوەڕوانی پارەكەی بەغداد دەكەین

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “هەركات حكومەتی عێراق بەڵێنەكەی جێبەجێبكات و پشكی هەرێم لەو قەرزەی كە كراوە ڕەوانە بكات، ئەوا حكومەتی هەرێم موچەی مانگەكانی كۆتایی ئەمساڵ دابەش دەكات.”

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم لە هەولێر بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، “ڕۆژی 5ى كانونى یەكەم سەرۆكی حكومەت هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان-ی ڕاسپاردبوو بە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی كوردستان، ئێستاش هەردوو وەزارەتەكە ڕاسپاردەی خۆیان لەو بارەیەوە داوە بە ئەنجومەنی وەزیران.”

وتیشی، “حكومەت ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بەرانبەر بە جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەكات.”

بە وتەی جوتیار عادل، “تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆكردن بووە سەبارەت بە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار و حكومەت بڕیاریداوە چاودێریی بازاڕ بكات بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكە نەبێتە هۆی قۆرخكاری.”

سەبارەت بە دانوستاندنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی-دا و تاچەند حكومەتی هەرێم ئامادەیە نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەكان ڕادەستی بەغداد بكات، وتەبێژی حكومەت وتی، “وەك بەڕێز قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی دانوستانكار باسیكردووە، گفتوگۆی باش لە بەغداد كراوە و حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە پشكی هەرێم لە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ خەرج بكات. لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021یشدا پشكی هەرێمی كوردستان جێگیركراوە و پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیشدا گفتوگۆ بكرێت بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق تێبپەڕێندرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ.”

لەبارەی موچەی مانگەكانی 11 و 12ی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، جوتیار عادل ئاشكرایكرد، “حكومەتی عێراق لەمساڵدا شەش موچەی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمیش هەشت موچەی دابەشكردووە و داوای موچەی شەش مانگی دووەمی ئەمساڵی لە بەغداد كردووە، بۆ ئەوەی بە گەیشتنی پارەكە، بەشێك لە قەرزەكان بداتەوە و موچەكانی تری ئەمساڵ دابەش بكات.”

جەختیشیكردەوە كە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبن و سەرباری ئەو ڕێككەوتنەی لەبارەی بودجەی ساڵی 2021ـەوە كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات بەپێی دەستوور و یاساكان پرسەكانی تریش چارەسەر و یەكلایی بكاتەوە.

بابەتی پێشتر

مانچستەر یونایتد بۆندێکی میرکاتۆی زستانی یەکلاییکردووەتەوە

بابەتی دواتر

لە یاداشتێكدا داوادەكرێت قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بە شەهید ئەژماربكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share