شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، بەهۆی دەركەوتنی هەوری ناوخۆیی و كاریگەری شەپۆلی رابردوو و مانەوەی تۆپەڵە هەوای شێداری مەداری لەسەر ناوچەكە، تاوەكو كاتەكانی درەنگانی رۆژی سێشەممە پێشبینی تاوەباران و هەورە بروسكەی ناو بە ناو لە هەموو ناوچەكان بە كاریگەری و بڕی جیاواز و هەروەها بارینی بەفرێكی كەم ناوچە شاخاوییە زۆر بەرز و سنوورییەكان دەگرێتەوە كە بە زۆری تاوەكان لە كاتەكانی دوانیوەڕۆ تاوەكو مەغریب دەبێت و لە هەندێك شوێن زووتریش بەهۆی بەرزی رێژەی شێ كە رەنگە كەمێكیش دوابكەوێت و كۆتاییان بێت.
باسی لەوەش كردووە، لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا ئەگەری چڕبوونەوە لە كات و ناوچەی جیاوازدا ماوە و لە هەندێك شوێن ئەگەری بارینی تەرزەش هەیە.
دەشڵێت، “لە رۆژی چوارشەممە و رۆژانی دواتر تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەكەونەوە ژێر كاریگەریی دوو بەرزە پەستانی یەك لە دوای یەكەوە سەرەتا بەرزە پەستانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و كاریگەری دەبێت لەسەر ناوچەكانمان و دواتر بەرزەپەستانی دەریای ناوەڕاست و بەو هۆیەوە لە چوارشەممە و رۆژانی دواتر كەشێكی سەقامگیری تەواوی بەهاری روو لە تەواوی ناوچەكان دەكات و پلەكانی گەرما بەشێوازی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوە دەكەنەوە”.
راشیگەیاندووە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرمای ئەو ماوەیە ئاماژەیە بۆ هاتنەوەی كەشێكی تەڕ و بارانی دیكە و بەپێی گۆڕانكارییەكانی ئێستا لە دوای ناوەڕاستی مانگەوە شەپۆلی دیكەی سەرتاسەری و بەهێزی باران روو لە ناوچەكە دەكاتەوە.