وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشینكراون و تاوەكو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە هەر كات مامەڵەكەیان تەواوبوو، مووچە نەدراوەكانیان بەسەریەكەوە بۆ خەرجدەكرێت.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی كە خزمەت و راژەیان تەواوبووە و خانەنشینكراون مووچەیان پێنەدراوە پەیوەندیی بە تەواونەبوونی مامەڵەكانیانەوە هەیە كە ماوەیەكی دەوێت و دواتر مووچەیان دەچێتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی و بۆیان خەرجدەكرێت.
وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان جەختیكردەوە و وتیشی، “هەر كاتێك مامەڵەكەیان بە كۆتاهات لە رۆژی دەستلەكارهەڵگرتنیان لە فەرمانگەكەی خۆیان مووچەی ئەو چەند مانگەی پێیان نەدراوە و پاداشتی خانەنشینێكەشیان پێدەدرێت”.