لە سلێمانی ئارایشتگایەک کە بەبێ مۆڵەت کاری پزیشکی ئەنجامداوە داخرا.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ” لە چوارچێوەی ئەو سەردان و گەڕان و پشکنینانەی کە لیژنەی ئارایشتگاکان بۆ چاودێریکرنی ئاریشتگا و سەنتەرەکانی جوانکاری لە سنووری شاری سلێمانی ئەنجامیدەدات، ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەکە ئارایشتگای ئاهووی لە گەڕەکی کانی کوردە داخست”.
هاوبەش ئاراز، سەرۆکی لیژنەی ئارایشتگاکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، خاوەنی ئارایشتگای “ئاهوو” بەدەر لە رێنماییەکان و بێ هەبوونی مۆڵەت چەند کارێکی ئەنجامداوە، وەکو: (گوێ سمین، فیللەر، بۆتۆکس، هایدرافیشەڵ و دانانی نینۆک)، کە هەر یەک لەو کارانە دەبێت لە لایەن پزیشک یاخود کەسی پسپۆڕەوە ئەنجامبدرێت و مۆڵەتیشیان بۆ کارکردن هەبێت.
وتیشی، “جگە لەوانە چەند سەرپێچییەکی دیکەی ئەنجامداوە وەکو نەبوونی کامێرای چاودێری، بەوهۆیانەوە قائیمقامی سلێمانی دەستبەجێ رەزامەندی لەسەر داخستنی ئارایشتگاکە دەربڕیوە”.
لە راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە، “بەپێی رێنماییەکان و لە سنووری شاری سلێمانی، رێگە بە کارکردنی ئارایشتگاکان دەدرێت، بەو مەرجەی هەر ئارایشتگایەک مۆڵەتی رەسمی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگرتبێت و بۆ ئەنجامدانی هەرکارێکی جوانکاریی بەبەکارهێنانی دەرزی دەبێت لەلایەن پزیشک یاخود کەسی پسپۆڕەوە ئەنجامبدرێت”.