شەش هەڵسوکەوتى باوى رۆژانە یادەوەریت لاواز دەکەن

مێشک وەک ماسولکە وایە، چەندێک بە شێوازى دروست بەکاربهێنرێت، بەهێزتر دەبێت، بەڵام هەڵسوکەوتى و شێوازى ژیانى خراپ وەک چۆن زیان بە جەستەى مرۆڤ دەگەیەنن، بەهەمان شێوە دەبنەهۆى لاوازکردنى یادگە و بیر.

بەپێى رۆژنامەى (Times of India)، هەندێک لەو شتانەى کە هەموو رۆژێک بەبێ بیرکردنەوە ئەنجامدەدرێن، بێ ئاگایانە زیان بە مێشک دەگەیەنن. بۆیە کاتێک کەسێک شتێکى لەبیردەچێتەوە، یان زۆر هەوڵدەدات بۆ ئەوەى شتێکى بیربکەوێتەوە یاخود هەست بە ماندوێتیى مێشکى دەکات، رەنگە هەڵسوکەوتە رۆژانەکانى بەرپرس بن.

ئەم شەش هەڵسوکەوتە رۆژانەیە زیان بە یادگە و زیرەکیی مێشکت دەگەیەنن:

1- زۆریى ئەرک بە بەردەوامى
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە سەرقاڵبوونى بەردەوام بە ئەرکى جۆراوجۆر بارى سەر مێشک گران دەکەن، ئەمەش وایلێدەکات بە ئەستەم پارێزگارى لە زانیارییەکان بکات. کاتێک کەسێک بیرى پەرتدەکات بۆ ئەرکى زۆر، مێشک هەلى چارەسەر و پاراستنى زانیارییەکانى بەشێوەى دروست نابێت، ئەمەش دەبێتەهۆى لەبیرکردن.

لەجیاتى ئەوە، دەکرێت هەر جارێک هەوڵ بۆ تەرکیزکردن لەسەر ئەرکێک بدرێت و، رێگە بە مێشک بدرێت ئەو کات و گرنگییەى پێبدات کە پێویستیەتى.

2- کەمى چالاکیى جەستەیى
فەرامۆشکردنى راهێنان و وەرزشکردن تەنها کاریگەرى لەسەر ناوچەى کەمەر نابێت، بەڵکو لەسەر یادگەشى دەبێت. راهێنانە وەرزشییەکان بەشێوەیەکى رێکخراو دەبێتەهۆى زیادبوونى چوونى خوێن بۆ مێشک، کە وایلێدەکات بە توانایەکى باشەوە کاربکات.

3- ئەنجامنەدانى مەتەڵ و یارییە تەرکیزییەکان
مێشک بە تەمەڵى دەمێنێتەوە کە رووبەڕووى مەتەڵ و یارییە تەرکیزییەکان نەبێتەوە، بەتەواوى هاوشێوەى لاوازیى ماسولکەکان بەبێ راهێنانى وەرزشى، یادەوەرى رووبەڕووى خراپبوون دەبێتەوە ئەگەر بەبەردەوامى هاننەدرێت. یاریی وشە پچڕپچڕەکان و سۆدۆکۆ وادەکەن مێشک بجوڵێت و یادەوەرى بەبەهێزى بمێنێتەوە.

4- زۆر بەکارهێنانى مۆبایل
بەکارهێنانى مۆبایل بەشێوەى بەردەوام بۆ سەیرکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان ڤیدیۆ یاخود پشتبەستن پێى بۆ هەموو کارێکى بچوک و گەورە وادەکەن مێشک لاواز ببێت. کەڵەکەبوونى زۆرى زانیاری مێشک ماندوو دەکەن، ئەمەش وایلێدەکات یادگە و بیرکردنەوەى شتە گرنگەکانى ئەستەم بێت.

5- دابڕینى کۆمەڵایەتى
هەستکردن بە تەنهایى دەبێتەهۆى کەمبوونەوەى قەبارەى مێشک، چونکە کارلێکى کۆمەڵایەتى پێویستە بۆ تەندروستیی ژیری. رۆچوونە ناو گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بیرورا و بەسەربردنى کات لەگەڵ خۆشەویستان یادەوەرى و بیر هان و تیژ دەکەن.

6- دڵتەنگى و فشارى دەروونى
سترێس وەک دزى یادگە وایە، بە هێواشى تواناى بیرهاتنەوەى زانیارییەکان لەناودەبات. فشارى دەروونى کۆرتیزۆل دەردەدات، ئەو هۆرمۆنەى زیان بە شوێنى یادگە لە مێشکدا دەگەیەنێت.

راهێنانەکان بۆ پارێزگاریى لە تەندروستیی مێشک
بۆ باشکردنى یادگە یەکێک لە رێگەکان بریتییە لە ئەنجامدانى راهێنانى وەرزشى، هەروەها فێربوونى شتى نوێى وەک زمان یان ئامێرى میوزیک کە دەبێتەهۆى بەهێزبوونى مێشک. یاریى یۆگا و چالاکییە تەرکیزییەکان دەبنەهۆى زیادکردنى رۆیشتنى خوێن بۆ مێشک و یادگەى مرۆڤ بەهێزدەکەن، جگە لە تاقیکردنەوەى ئەزموونى نوێ وەک گۆڕینى شێوازى ژیان و ئاشکراکردنى شوێن و ژینگەى نوێ و جیاواز.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی جیهانی پلانێک بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستدرێژیی سێکسی دەخاتەڕوو

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامادەکاری دەکات بۆ خستنەڕووی پلانێک بەمەبەستی چاوپۆشی نەکردن لە تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسی، دوای ئەوەی ژمارەیەک…
Total
0
Share