بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران رایدەگەیەنێت، بەهۆی کارکردنی کارمەندی بیانی بەبێ راستکردنەوەی بڕوانامە و هەبوونی مۆڵەتی پیشەیی، هەشت سەنتەری جوانکاری داخران.
تەندروستیی سۆران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لیژنەی پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران، بە هاوبەشی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA ، سەندیكای دەرمانسازان، ئاسایشی سۆران و نوێنەری داواکاری گشتی، سەردانی دەرمانخانە، سەنتەری پزیشکی و نۆرینگە و تاقیگەکانی قەزای ناوەندی سۆرانیان کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامدا هەشت سەنتەری جوانکاری بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و کارکردنی کارمەندی بیانی بەبێ راستکردنەوەی بڕوانامە و هەبوونی مۆڵەتی پیشەیی و پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، داخران.
دەشڵێت، هەروەک رامانگەیاندبوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ناو و ناونیشانی ئەو شوێنانە بڵاودەکرێنەوە کە پابەندی رێنماییەکان نین.