ئەمڕۆ چوارشەممە 34 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی راپەڕینی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت کە دەستپێکەکەی لە شاری رانیەوە بوو.
راپەڕینی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە بەیانی رۆژی 5 ی ئازاری ساڵی 1991 لە شاری رانیەوە دەستیپێکرد و لە 21 ی ئازاری هەمان ساڵ لە شاری کەرکوک کۆتاییپێهات.
لەماوەی چەند رۆژی راپەڕیندا هاوڵاتییانی هەرێم، بە چەکی قورس و سوک سەرجەم بارەگاکانیان بە سەرانی رژێمی بەعسی پێشوو چۆڵکرد و جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆریان کوژران، بەشێکی دیکە نێردرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئەمساڵ و لە یادی ئەو راپەڕینەدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، “یەكێتی وەك هێزی داینەمۆی راپەرین و دەربەستی گشت قۆناغەكانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و لە سۆنگەی درككردن بەم ئەركە نیشتمانیە ، كۆششەكانی زیاتر و زیاتر خستۆتە گەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە تا ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان بەدەست بێنین و بە یەکێتیی و پێکەوەیی و چاوتیژییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و دەوروبەر بکەین”.