سەرۆکى ئۆکرانیا ئامادەیى بۆ ئاشتى لەژێر سەرکردایەتیى سەرۆکى ئەمریکا و واژووکردنى رێککەوتنى سوودوەرگرتن لە کانزاى وڵاتەکەى نیشاندەدات.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکى، سەرۆکى ئۆکرانیا لە پۆستێکدا رایگەیاند، کیێف ئامادەیە بۆ کارکردن لەپێناو ئاشتى لەژێر “سەرکردایەتیی بەهێزى ترەمپ”دا.
وتیشى، “ئۆکرانیا سوپاسگوزارە بۆ هاوکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا”.
ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ واژووکردنى رێککەوتنى سوودوەرگرتن لە کانزاکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، زیلینسکى لە بەشێکى دیکەى پۆستەکەیدا نووسیویەتى.
هەروەک داواى “ئاگربەست” دەکات لەبوارى ئاسمانی و دەریایی بەمەبەستى دەستپێکردنى گفتوگۆى ئاشتى.
پەیامەکە لەکاتێکدایە هەینى رابردوو 28ى شوبات لە کۆشکى سپى گرژى لە کۆبوونەوەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکى، سەرۆکى ئۆکرانیا روویدا و، لە کۆنگرە هاوبەشە رۆژنامەوانییەکەیاندا ترەمپ رایگەیاند، یان دەبێت ئۆکرانیا کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و لەگەڵ وڵاتەکەی رێکبکەوێت، یان کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت.
دواتر زیلینسکى ناڕەزایەتیی لە قسەکانی ترەمپ و دەنگ بەرزکردنەوەکەی دەربرى، بەر لەوەى خۆى و تیمەکەى لە کۆشکى سپى بکرێنە دەرەوە.