بڕیارە سبەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆبوونەوەیەکى ئاسایى خۆى ئەنجامبدات و، ئەندامێکى سەر بە پێکهاتەى تورکمان بۆ یەکەمجار بەشداریى کۆبوونەوەکە دەکات.
پەیامنێرمان لە کەرکوک پێیڕاگەیاند، ئەحمەد رەمزى، کە ئەندامى هەڵبژێردراوى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە و تائێستا بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى کردووە، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ نێو ئەنجومەن و سبەى بەشدارى لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگادا دەکات.
ئەوەشى خستەڕوو، بەوەش سبەینێ 10 ئەندامى ئەنجومەن بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، کە تائێستا کۆبوونەوەکان بە بەشداریى 9 ئەندام بەڕێوەدەچوو.
ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 16 ئەندام پێکدێت، تائێستا دوو ئەندامى سەر بە پارتى و چوار ئەندامى بەشێک لە پێکهاتەى عەرەب و تورکمان پەیوەندییان بە ئەنجومەنى پارێزگا نەکردووە و بەشداریى کۆبوونەوەکان نەبوون.