وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، کارکردنی بازرگانان بە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی دۆلارە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی رایگەیاند، “بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکارە یاساییانەی کە بانکی ناوەندی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار گرتویەتییەبەر، هاوکات حەواڵەی دەرەوەی وڵات زۆر خێرا بووە لەڕێگەی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکانەوە و بازرگانەکان کەمتر لە بازاڕدا پارەکانیان دەگۆڕنەوە بە دۆلار و بۆ گۆڕینەوەی، پەنا بۆ بانکە ئەلیکترۆنییەکان دەبەن”.
وتیشی، هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز و کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی لە بازاڕ، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلار بەرزکردووەتەوە، هەروەها ویستی خەڵک لەسەر کڕینی دۆلاریش کەمبووەتەوە.
جەبار گۆران هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دۆلار باسدەکات و دەڵێت، “کۆمپانیایەکی گەورە لە هەرێمی کوردستان، قیستی دیناری لەسەرە و دۆلارێکی زۆری خستووەتە بازاڕەوە”.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و لەئێستادا، 100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 200 دینار.